شاعیر: هەژار موکریانی
کتێب: بۆ کوردستان
سەرناو: کورد بێکەس نییە
لەبارەی شیعر: ١٩٥٣/٠٦/١٥ - بەغدا

ئەم شێعرانە لە ژمارەیەکی گۆڤاری «ڕزگاری» ی پارتیدا چاپ کراوە: 

ڕۆژی خۆشیت هاتە ئاسۆ ئەی گەلی خەمباری کورد
ڕۆژهەڵات ڕۆشن دەکا شەوگاری تاڵ و تاری کورد

کۆتری پیکاسۆ کە موژدەی هێمنی هێنا گوتی: 
مرد بەسەرچوو ڕۆژی ئیستیعباد و ئیستیسماری کورد

کەوتە لەرزە تەنبەڵی خایین بەگەل، مێشک و دڵی
توندە ڕیشەی داکوتا هێزی پڕۆلیتاری کورد

هێزی ئیستیعمار کە هێندێک مفتەخۆری زگزلن
چەرمی ملیان خۆش دەکا زۆر زوو تەناف و داری کورد

زوو دەبێ ئاسنگەر و جووتێر بە کوتک و داسەوە
هەڵبڕن بوکتن بەجووت ئەستۆ و سەری بەدکاری کورد

نایەڵین فاشیستی وەحشی ئامریکای داخوازی جەنگ
بیدەنە بەر بۆم مناڵ و ماڵ و لادێ و شاری کورد

کێ دەڵێ کورد بێکەسە؟ گشت ئاشتیخوازانی جیهان
خێرخواهی موڵکی کوردستانن و خەمخواری کورد

هیند و چین و کۆریا بۆ کوردەواری جەنگ ئەکەن
کرملینە و هێزی چین، پشت و پەنا و داژداری کورد

لاوەکان هەرکاتێ جێژنی ڕۆژی ئازادی دەکەن
بێننەوە بیرتان هەژارێک، شاعیرێکی زاری کورد

داوەتێکی ڕەشبەڵەک بگرن لە دەوری گۆڕەکەم
یەکتری ماچ کەن بە یادم دڵبەر و دڵداری کورد